ئێرانجیهان

دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بە کوێ گەیشتوون؟ بەرپرسێکی پاکستانی وەڵام دەداتەوە

وەزارەتی ناوخۆی پاکستان، درێژکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە بە “هەنگاوێکی گرنگ” بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان ناودەبات و جەخت لەسەر پێویستیی بەردەوامیی گفتوگۆی دیپلۆماسی دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، مۆحسین نەقڤی، وەزیری ناوخۆی پاکستان رایگەیاند، درێژکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد، سەرۆکی ئەمریکاوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئێمە چاوەڕوانی پێشکەوتنین لەلایەن ئێرانەوە.

وەزارەتی ناوخۆی پاکستان لە راگەیەنراوێکدا جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی کەناڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و تاران کردەوە، بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ناکۆکییەکە.

پاکستان بەهۆی پێگەی جوگرافی و پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ هەردوو لایەنی ناکۆکییەکە، وەک نێوەندگیری سەرەکی لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەرکەوتووە. ئەم وڵاتە هەوڵێکی زۆری داوە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و میوانداریی چەندین خولی دانوستاندنی نێوان هەردوو وڵاتی لە ئیسلاماباد کردووە.

لێدوانەکەی وەزیری ناوخۆی پاکستان لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند دامەزراوەیەکی ئەتۆمی و سەربازیی ئێران.

سەرکردایەتیی باڵای پاکستان، بەتایبەتی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپا، رۆڵێکی بەرچاویان لەم نێوەندگیرییەدا گێڕاوە. بەپێی هەواڵەکان، شەریف و مونیر داوایان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە، ئاگربەستەکە درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی دەرفەتێکی زیاتر بۆ دیپلۆماسییەت بڕەخسێت.

هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان بەردەوامە، بە ئامانجی ئەوەی هەردوو لایەن بگەڕێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانتر لە ناوچەکەدا بکات، جەنگێک کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی جیهان و ئاسایشی هەرێمی دەبێت.

سەرچاوە

Related Posts