ئێرانجیهان

توانای سەربازیی ئێران زۆر لەوە زیاترە کە ترەمپ و پێنتاگۆن باسیان کردووە

چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە ئاگاداری زانیارییە هەواڵگرییەکانن، ئاشکرایان کردووە کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا خاوەنی توانایەکی سەربازیی زۆرە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو لێدوانە فەرمیانەیە کە کۆشکی سپی و وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە.

سێ بەرپرسی ئەمریکی بە کەناڵی (CBS News)یان راگەیاندووە، تا دەستپێکردنی ئاگربەست لە سەرەتای مانگی نیساندا، نزیکەی نیوەی کۆگای مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و سیستمەکانی هەڵدانیان بە سەلامەتی ماونەتەوە و تێکنەشکاون.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، نزیکەی %60ـی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، بەتایبەت بەلەمە جەنگییە خێراکان، هێشتا لە کاردان، ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، بەلەمە جەنگییەکانی ئێران هێرشیان کردە سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز، رێک دوای ئەوەی تیمی ترەمپ درێژکردنەوەی ئاگربەستیان بۆ کاتێکی نادیار راگەیاندبوو.

سەبارەت بە هێزی ئاسمانی، بەرپرسە ئەمریکییەکان باسیان لەوەکردووە، “نزیکەی دوو لەسەر سێی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران هێشتا ئامادەی کارکردنن”، ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا هەزاران ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە.

ئەم راپۆرتە هەواڵگرییانە تەواو پێچەوانەی گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ و پیت هێگسێتی وەزیری جەنگین، ترەمپ رۆژی سێشەممە گوتبووی، “ئێمە هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و سەرکردەکانی ئەوانمان لەناوبردووە”.

هێگسێتیش ئۆپەراسیۆنەکەی بە “سەرکەوتنێکی مێژوویی و گەورە” وەسف کردبوو کە وای کردووە سوپای ئێران بۆ چەندین ساڵ توانای شەڕکردنی نەمێنێت.

جەنگی ناهاوسەنگ و هەڕەشەی بەردەوام هەرچەندە پێنتاگۆن دەڵێت زۆربەی هێزی دەریایی

کلاسیکی ئێرانیان تێکشکاندووە، بەڵام بەرپرسە هەواڵگرییەکان دەڵێن باڵی دەریایی سوپای پاسداران کە بۆ “جەنگی ناهاوسەنگ” داڕێژراوە، هێشتا بەشێکی زۆری ماوە و هەر ئەوانیشن کێشە بۆ هاتوچۆی نەوت لە گەرووی هورمز دروست دەکەن.

لەم بارەیەوە، جەنەڕاڵ جەیمس ئادەمز، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری بەرگری لە راپۆرتێکدا بۆ کۆنگرێس نووسیویەتی: “ئێران هێشتا خاوەنی هەزاران مووشەک و درۆنی بۆمبرێژکراوە، کە دەتوانن هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بکەن.”

وەڵامی پێنتاگۆن لە بەرامبەر ئەم گومانانەدا، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن داکۆکی لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە کرد و رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە 40 رۆژدا گورزی کەمەرشکێنیان لە ئێران داوە و %92ـی کەشتییە گەورەکانی ئەو وڵاتە تێکشکێنراون.

پارنێڵ گوتیشی: “ئەمە گەورەترین لەناوبردنی هێزێکی دەریایی بووە لە مێژووی دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.”

سەرچاوە

Related Posts