بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئێران دەڵێت، لە جەنگدا، لانیکەم سێ ملیۆن تۆن کاڵا لە بەندەرەکانی ئێرانەوە هاوردە کراوە و گواستراونەتەوە بۆ شارەکانی سەرانسەری ئێران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-04-2026، فرود عەسگەری، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئێران رایگەیاند، لە 40 رۆژ جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل/ئەمریکا، بەندەرەکانی ئێران لە هاوردەکردن و ناردنی کاڵا بەردەوام بوون و پەکیان نەکەوت.
بەگوتەی فرود عەسگەری، لە جەنگەکەدا، لانیکەم سێ ملیۆن تۆن کاڵا لە 13 بەندەری ئێرانەوە هاوردە کراون و بەسەر شارەکانی دیکەی ئێراندا دابەشکراون.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە، لە دۆخی جەنگدا ئاسانکاری بۆ بازرگانان کراوە کە بە خێرایی کاڵای هاوردەکراو لە بەندەرەکانەوە بەرەوە شارەکانی دیکەی ئێران ببەن.
رۆژی 28ـی شوباتی 2026، جەنگی ئیسرائیل/ئەمریکا لەگەڵ ئێران بە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر تاران دەستیپێکرد و دوای 40 رۆژ جەنگ ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی راگەیێندرا کە بەرەبەیانیی دوێنێ چوارشەممە کۆتاییهات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر داوای پاکستان ماوەکەی درێژ کردووەتەوە.










