ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، ئێران بە توندی ئەو هەواڵانەی رەت کردەوە کە باس لە هەبوونی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان تاران و واشنتن دەکەن. جەختیشی لەوە کردەوە، ئێران هیچ داواکارییەکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا پێشکەش نەکردووە و ئامادەی ئەو هەنگاوە نییە.
هەینی، 24ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی “تەسنیم” لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە کاتێکی وەک ئێستا هیچ ئاراستە و پلانێک بۆ ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بوونی نییە. جەختی لەوە کردەوە، کە تاران هیچ داواکارییەکی بۆ سازدانی کۆبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن پێشکەش نەکردووە.
ئاژانسە ئێرانییەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئەوەشی راگەیاند: ئێران تاوەکوو ئێستا بە شێوەیەکی تەواوەتی سەرجەم داواکارییەکانی ئەمریکای بۆ دەستپێکردنی دانوستان رەت کردووەتەوە، بەو پێیەی تاران پێی وایە ئەم داواکارییانە کۆمەڵێک “مەرج و داواکاریی زێدەڕۆیانە”ـیان لەخۆ گرتووە.
هەروەها ئاژانسەکە ئەوەشی خستە روو، کە لە پاش یەکەمین گەڕی دانوستانەوە، ئەمریکا بە شێوەیەکی بەردەوام و لە رێگەی ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستانەوە هەوڵی داوە گەڕێکی نوێی دانوستانەکان رێک بخات، بەڵام ئەم هەوڵانە لە لایەن ئێرانەوە هیچ پێشوازییەکیان لێ نەکراوە.
هەر لە هەمان چوارچێوەدا، ئاژانسی تەسنیم ئاماژەی بەوە کرد، کە تاوەکوو ئێستا هیچ بڕیارێک لە ناوخۆی ئێراندا سەبارەت بە چوونە ناو پرۆسەی دانوستان لەگەڵ واشنتن دەرنەکراوە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەسەر سروشت و جۆری داواکارییەکانی ئەمریکا.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی “فارس” لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانەوە دووپاتی کردەوە، کە “لە قۆناغی ئێستا هیچ جۆرە دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا بوونی نییە.”
ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی “رۆیتەرز” رایگەیاندبوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئارەزووی خۆی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستانی راستەوخۆ دەربڕیوە، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە بەرپرسانی تاران ئێستا لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوەی پێشنیازێک بخەنە بەردەم واشنتن، کە ئامانج لێی جێبەجێکردن و قبووڵکردنی ئەو داواکارییانەیە کە لە لایەن ئەمریکاوە خراونەتە روو و جێگەی بایەخی کۆشکی سپین.
هەروەها کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە کەناڵی فۆکس نیوزی گوتوبوو: “دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە سبەی هەر یەکە لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کوشنەر، گەورەراوێژکاری ترەمپ سەردانی ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەکەن”.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، روونی کردبووەوە، ئامانجی سەرەکی سەردانی شاندەکەی ئەمریکا بۆ ئیسلام ئاباد، کۆبوونەوەیە لەگەڵ لایەنی ئێرانی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، خوازیارین گفتوگۆکانی ئەمجارە ئەنجامیان هەبێت. هاوکات گوتووبووی: ئێران خۆی داوای کۆبوونەوەی راستەوخۆی کردووە.
لە لایەکی دیکەوەش پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردبووەوە، بڕیارە هەر یەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنێک بە مەبەستی راگرتنی جەنگ.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە ئەوەشیان ئاشکرا کردبوو، “پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، هەر یەک لە ویتکۆف، کوشنەر، بەرەو وڵاتی پاکستان بە رێ بکەون.”










