کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی هەینی حکوومەتی تەلئەڤیڤ فشارێکی زۆری خستووەتە سەر واشنتن تا لە میانی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران کە بڕیارە لە “ئیسلام ئاباد” بەڕێوەبچێت، بەردەوام بێت لەسەر سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.
کەناڵەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتیەوە: “پەیامێکی روونمان ناردووە بۆ واشنتن کە پێویستە لە پرسی گەمارۆی دەریایی پاشەکشە نەکرێت.” ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، هەماهەنگییەکی ورد لە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکادا هەیە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکاندا. هەروەها هۆشدارییان داوە، رەنگە “ئاگربەستەکەی سەرۆک ترەمپ” زۆر کورتخایەن بێت، ئەوەش ناوچەکە دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشی گەورەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ حکوومەتی ئێران بە نیازە لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباددا پێشنیازێک پێشکەش بکات کە داواکارییەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات.
لەو چوارچێوەیەدا، کارۆلاین لیڤیت گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، ئێران داوای کۆبوونەوەی راستەوخۆی کردووە، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کۆشنەری زاوای، بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ دەربارەی ئێران بەرەو پاکستان بەڕێ بکەون.
هاوکات ئاژانسی “ئیرنا”ی فەرمی بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتووەتە ئیسلام ئاباد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پاکستان. ئامانجی سەردانەکە تەنیا پاکستان نییە، بەڵکو عێراقچی گەشتێکی هەرێمی بۆ مەسقەت و مۆسکۆش دەستپێکردووە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و گفتوگۆکردن دەربارەی ئەو شەڕەی کە واشنتن و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێکردووە.










