ئێرانجیهان

قائانی: بەرەی مقاومە لە کاتی پێویستدا دژی…


فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکی ئاراستەی حیزبوڵڵای لوبنان کرد و رایگەیاند، بەرەی مقاومە لە هەموو کاتێک یەکگرتووترە و لە کاتی پێویستدا دژی ئیسرائیل دەکەونە حاڵەتی ئامادەیی و “دەست دەدەنە کردەی سەربازی”.

 

رۆژی دووشەممە، 27ـی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە پەیامێکدا ستایشی حیزبوڵڵای لوبنانی کرد و گوتی: “ئەو گێڕانەوە درۆیانەی رژێمی زایۆنی بڵاویان دەکاتەوە لەبارەی کۆتاییهاتنی مقاومە و لەناوبردنی حیزبوڵڵا، تەنیا خەیاڵن و راست نین.”

 

قائانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل سەرەڕای خەرجکردنی پارەیەکی زۆر و بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتووی ئەمریکایی، لە بەرامبەر گەنجانی لوبنان “دەستەوەستان و بێدەسەڵاتە”. 

 

جەختیشی کردەوە کە “بەرەکانی مقاومە بەهێزتر و یەکگرتووتر لە جاران لە تەنیشت حیزبوڵڵان و لە کاتی پێویستدا بۆ پاڵپشتی لە گەلی لوبنان و فەڵەستین دەست دەدەنە کردەی سەربازی.”

 

ئەم هەڕەشانەی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە کاتێکدان گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتوونەتە لووتکە و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا سێبەری بەسەر ئێراندا کێشاوە. 

 

لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر تاران تووندتر کردووەتەوە و دەڵێت “باجی پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکان” تاران تووشی قەیرانی دارایی زیاتر دەکات. 

 

لە کاتێکدا قائانی باسی “بەهەدەردانی پارەی باجدەرانی ئەمریکی” دەکات، ناوخۆی ئێران بە دەست هەڵاوسانی بەرز و کەمیی بودجەوە دەناڵێنێت کە بەشێکی زۆری بۆ کەرتی سەربازی و پەرەپێدانی “بەرەی مقاومە” لە دەرەوەی سنوورەکان تەرخان دەکرێت.





سەرچاوە

Related Posts