بەهۆی داڕووخانی باڵەخانەیەک لە کاتی کۆنکرێتکردندا لە شاری کەرکووک، کارەساتێکی مرۆیی روویدا. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بۆ “کوردستان24” پشتڕاستی کردەوە کە تا ئێستا دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە و 19 کەسی دیکەش برینداربوون.
دووشەممە 27ی نیسانی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، ڕووداوەکە لە کاتی پرۆسەی سەبتێکردن و کۆنکرێتکردنی سەقفی باڵەخانەیەکدا روویداوە. بەهۆی داڕووخانی لەناکاوی بنمیچی باڵەخانەکە، ژمارەیەک کرێکار کە لەوێدا خەریکی کارکردن بوون، کەوتوونەتە ژێر داروپەردوو و چیمەنتۆکەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ “کوردستان24” دوایین ئاماری قوربانیانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: “بەداخەوە لە ئەنجامی داڕووخانی باڵەخانەکە، دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 19 کەسی دیکەش بە برینداری لە ژێر داروپەردووەکە دەرهێندراون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر.”
هەر لەگەڵ ڕووداوەکەدا، تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان کردووە بە گەڕان بە دوای قوربانیانی ئەگەری لە ژێر داروپەردووەکەدا.










