ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 4/28 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکومەت کورتەیەکی دەربارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خستەڕوو.
لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی فیدراڵ ، سەرۆکی حکومەت ، هیوای خواست، کابینەی نوێ ببێتە مایەی هاتنەئارای سەردەمێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیریی لە عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشدا کە ئێمە هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، خوازیاربووین لە زووترین کاتدا، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت و هیوادارین چیتر ئەم بابەتە دوا نەکەوێت.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی وەبەرهێنەرانی کوردستان و کەرتی تایبەتیشی کرد کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی ئابووری و بزاڤی بازرگانی لە کوردستان هەبووە .
لە کۆتاییدا ، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و کێشەکانی پەیوەندیدار بە جموجۆڵی ئابووری و بازرگانی خرانەڕوو و سەرۆکی حکومەتیش وەڵامی سەرنج و تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.
نوێ دەکرێتەوە.










