سوپای پاسداران و هێزی ئاسمانی ئێران هۆشدارییان دایە وڵاتانی ناوچەکە و هێزە بیانییەکان، ئەگەر هەر هەڵەیەک بکەن وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەی دەبێت.
یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، سوپای پاسداران و هێزی ئاسمانی ئێران، هۆشدارییان دایە هەندێک وڵاتی ناوچەکە لە لێکەوتەکانی هاوسۆزی لەگەڵ سوپای ئەمریکا و ئاماژەیان بەوە کرد، هەر وڵاتێک دژی ئێران بجوڵێتەوە، رووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە.
لیوا ئەبولفەزل شکارچی، گوتەبێژی فەرمی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەبارەت بە کارە دوژمنکارییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا رایگەیاند: “سەرەڕای پیلانەکانی ئەمریکا، سوپاس بۆ خودا دەسپێشخەری لە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە و تواناکانی هێزەکانمان لە ئاستێکی زۆر باشدایە”.
شکارچی هۆشداری دایە هەندێک وڵات لە لێکەوتەکانی هاوسۆزی لەگەڵ سوپای ئەمریکا و گوتی: “هەر وڵاتێک دژی ئێران بجوڵێتەوە، رووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە”.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر یەکێک لە ناوەندەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و کەشتییەکان کرد، ئەگەر هەر دەستدرێژییەک بکرێتە سەر کەشتییە نەوتییەکان و کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران.
فەرماندەیی هێزە دەریاییەکان لە پەیامێکدا رایگەیاند: “ئاگاداری! هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان و کەشتییە بازرگانییەکان، بە هێرشێکی توند بۆ سەر یەکێک لە ناوەندەکانی ئەمریکا و کەشتییەکانی دوژمن وەڵام دەدرێتەوە”.
هاوکات، لیوا سەید مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزە ئاسمانی-فەزاییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند: “مووشەک و درۆنەکانمان لەسەر ئامانجەکانی ئەمریکا و کەشتییەکانی دوژمن جێگیر کراون و چاوەڕێی فەرمانی تەقاندنین”.
ئەم لێدوانانەی سوپای پاسدارن و هێزە ئاسمانییەکانی ئێران دوای ئەوە دێت، لە رۆژانی رابردوودا پێکدادان لە گەرووی هوورمز و ناوچە ئاوییەکان روویدا، دوای ئەوەش، گوتەبێژی فەرماندەیی قەرارگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا پێشێلی ئاگربەستی کردووە و لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران هێرشی کردووەتەوە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران، کە لە ناوچەی جاسک بەرەو گەرووی هورمز لە جووڵەدا بووە، هەروەها کەشتییەکی دیکە لە نزیک گەرووی هورمز بەرانبەر بە بەندەری فوجەیرەی ئیمارات پەلاماردراوە، لە هەمانکاتدا ئەمریکا بە هاوکاری هەندێک وڵاتی ناوچەکە هێرشی ئاسمانیان کردووەتە سەر ناوچە مەدەنییەکان لە کەناراوەکانی بەندەری خەمیر و سیریک و دوورگەی قیشم.
هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز و باشووری بەندەری چابەهار دەستبەجێ بەرەنگاریی کەشتیە جەنگییەکانی ئەمریکا بوونەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لە بارەی زیانەکانیان نەزانراوە.
گوتەبێژەکەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا دەڵێت “ئەمریکا و وڵاتانی لایەنگری دەبێت باش بزانن کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر وەک پێشوو بەهێزە و بەبێ هیچ دوودڵییەک وەڵامی توندی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە.










