کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سروشتیی بارکراو بە گازی سروشتیی شل لە قەتەرەوە، بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە، ئەمەش وەک یەکەمین پرۆسەی هەناردەکردن دادەنرێت کە ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا ئەنجامی بدات لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران.
یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، بەپێی داتاکانی شوێنکەوتنی کەشتییەکان کە ئاژانسی “بلومبێرگ” کۆی کردوونەتەوە راگەیاندووە، کەشتی گواستنەوەی گازی سروشتی “خەریتیات” کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە بەندەری “راس لفان” لە قەتەر بارکراوە، لە گەرووەکە دەرچووە و ئێستا لە کەنداوی عومانە.
داتاکان ئاماژە بەوە دەدەن، وڵاتی پاکستان وێستگەی داهاتووی ئەم کەشتییە گازییە سروشتییە دەبێت.
هەروەها داتاکان نیشانی دەدەن، وادیارە کەشتییەکە ئەو رێگە باکوورییەی گرتووەتە بەر کە تاران رەزامەندی لەسەر داوە، کە بە درێژایی کەناراوەکانی ئێران بە نێو گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.
ئەم پێشهاتە نوێیە لە دەربازبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، هاوکاتە لەگەڵ پەرەسندنی ئەم دواییەی گرژییەکان لەو ناوچەیە، بە جۆرێک لە لایەکەوە ئێران رایگەیاندووە، کۆنتڕۆڵی گەرووی هوورمز بۆ وڵاتەکەیان بابەتێکی ئاسایی و یاساییە و ئێران ئەو لایەنەیە مافی ئیدارەدانی ئەو گەرووەی هەیە.
لە بەرانبەردا لایەنی ئەمریکی پێداگیرە لەسەر ئەوەی نابێت ئەو گەرووە جارێکی دیکە بە تەواوەتی لە دەستی ئێراندا بێت.










