ئەمین ناسر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای “ئارامکۆ”ی سعوودی رایگەیاند، جیهان نزیکەی یەک ملیار بەرمیل نەوتی لەدەستداوە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، هەروەها گوتیشی، بازاڕەکانی وزە کاتیان دەوێت بۆ سەقامگیربوونەوە تەنانەت ئەگەر رۆیشتنی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئەمەش بەهۆی پەککەوتنی جوڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بەهۆی ئاڵۆزییەکانی بارکردنەوە.
یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، ئەمین ناسر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای “ئارامکۆ”ی سعوودی رایگەیاند، دوای ئەوەی ئارامکۆ بەرزنوونەوەی قازانجەکانی بە رێژەی 25% لە چارەکی یەکەمدا راگەیاند، گوتی: “ئامانجمان سادەیە، دەستەبەرکردنی بەردەوامی رۆیشتنی وزە، تەنانەت لە ژێر ئەو گوشارانەی کە سیستمەکە پێیدا تێدەپەڕێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دابینکردنی وزەی جیهانی کەوتووەتە ژێر گوشارێکی توندەوە بەهۆی گەمارۆی ئێران بۆ سەر گەرووی هورمز، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی جوڵەی کەشتیوانی و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە دوای شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل.
سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای “ئارامکۆ”ی سعوودی روونیکردەوە، کردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان بە واتای ئاساییبوونەوەی ئەو بازاڕە نایەت کە لە نزیکەی ملیارێک بەرمیل نەوت بێبەش کراوە”، گوتیشی،”ساڵانێک لە کەمی وەبەرهێنان، گوشارەکانی سەر کۆگاکانی جیهانی خراپتر کردووە کە خۆیان لە بنەڕەتدا کەم بوون”.
ئەم لێدوانەی ئەمین ناسر سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی، ئاماژەیەکە بۆ کەم بوونەوەی وزەی جیهانی بە هۆی ئەو جەنگەی لە نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران روویدا، بە هۆیەوە گەرووی هوورمز کە رێڕەوێکی گرنگی ئاوی جیهانە لە لایەن ئێرانەوە داخرا، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهان.










