جولیان بۆرجەر، نووسەر لە رۆژنامەی “گاردیان”، لە شیکارییەکدا گومانی خستە سەر بەهێزی پەیوەندی نێوان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە ناتانیاهۆ دوای بێدەنگییەکی زۆر، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لە هەماهەنگی تەواو و پەیوەندی رۆژانە لەگەڵ ترەمپ کردەوە، بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە کە واشنتن سەرقاڵی دانوستانە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، بەگوێرەی شیکارییەکەی رۆژنامەی گاردیان، ئەم جەختکردنەوەیەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە دێت، چەندین راپۆرت لە میدیا ئیسرائیلییەکانەوە باس لە کەمبوونەوەی ئاستی راوێژەکانی ئەمریکا لەگەڵ تەلئەڤیڤ دەکەن، تەنانەت ئیسرائیل لە وردەکارییەکانی گفتوگۆی ئاشتی بە ناوبژیوانی پاکستان دوورخراوەتەوە.
لەمبارەیەوە، دالیا شیندلین، راوێژکاری سیاسی و شارەزای راپرسییەکان، دەڵێت: “ناتانیاهۆ زۆر باس لە باشی پەیوەندییەکان دەکات، ئەمەش زیاتر نیگەرانم دەکات لە قەبارەی راستەقینەی گرژییەکان،” ئەو پێیوایە رەنگە جەنگەکە لە هەموو لایەنەکانەوە بە خراپی بەرەو پێش بچێت.
مێژوویەک لە گوشاری ئیسرائیل:
گاردیان دەڵێت ناتانیاهۆ ساڵانێکە هەوڵدەدات سەرۆکەکانی ئەمریکا رازی بکات بۆ چوونە ناو جەنگ دژی ئێران، ئەو رۆڵی هەبوو لە رازیکردنی ترەمپ بۆ کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2018 و لە شوباتی ئەمساڵیشدا یەکێک بووە لەوانەی ترەمپی رازی کردووە جەنگ تەنها چارەسەرە و ئاسان و خێرا دەبێت.
بەڵێنەکان جێبەجێ نەکراوەکان:
ئەلۆن پینکاس، دیپلۆماتکاری پێشووی ئیسرائیل، دەڵێت ناتانیاهۆ وەک فێڵبازێکی سیاسی وێنەیەکی وای بۆ ئیدارەی ترەمپ کێشابوو کە رژێمی ئێران وەک میوەیەکی گەیوە و خەریکە دەکەوێت و تەنها پێویستی بە پاڵێکی بچووکە، بەڵام ئەم پێشبینییانە هەڵە بوون؛ هیچ راپەڕینێک لە ناوخۆی ئێران روینەدا، لە کاتێکدا سوپای پاسداران توانی گورزی بەهێز لە بنکە ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان بوەشێنێت و هەڕەشە لە کەشتیوانی گەرووی هورمز بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەلۆن پینکاس، نیشانەکانی گرژی لە نێوان ترەمپ و ناتانیاهۆ لە کۆتایی مانگی ئازاردا دەرکەوتن، کاتێک ترەمپ ناڕەزایەتی نیشاندا بەرانبەر بە هەندێک جوڵەی ئیسرائیل، وەک بۆردومانی کێڵگەی غازی پارسی باشوور، هاوکات ترەمپ گوتی: “هەندێکجار شتێک دەکەم، ئەگەر بە دڵم نەبێت… چیتر نایکەینەوە.”
سەرنج بەرەو چین:
دانیال شابیرۆ، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ دەیەوێت دۆسیەی ئێران تێپەڕێنێت و سەرنج بخاتە سەر کارە لەپێشینەکانی دیکە، لەوانە سەردانەکەی بۆ چین، هەروەها ئەو دەیەوێت پێش چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی چین، ئەم جەنگە کۆتایی پێ بهێنێت تاوەکو لە پێگەیەکی لاوازدا نەبێت.
لە کۆتاییدا، پینکاس پێیوایە شکستی ستراتیژی لە جەنگی ئێراندا رەنگە چارەنووسی سیاسی هەردوو سەرکردەکە بەیەکەوە ببەستێتەوە، بەتایبەت لە راپرسییەکاندا پێگەی کۆمەڵایەتییان کەمی کردووە.










