ئێران لە رێگەی پاکستانەوە وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دایەوە و جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتبووی، چاوەڕێی وەڵامی ئێرانە بۆ نوێترین پێشنیازی واشنتن بە مەبەستی درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی ئاشتی.
پرسی داخستنی تەنگەی هورمز یەکێکە لە خاڵە ناکۆکییە سەرەکییەکانی هەردوولا، بەهۆی ئەوەی تەنگەکە وزەی 20% جیهانی پێدا دەڕوات.
لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزیری دەرەوەی قەتەر بە هاوتا ئێرانییەکەی گوتووە، داخستنی تەنگەی هورمز و بەکارهێنانی وەک کارتێکی گوشار دەبێتە هۆی “قووڵبوونەوەی قەیرانەکە”.
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری چوار بەرپرسی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی یەک لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیک بوونەتەوە. واشنتن چاوەڕێی وەڵامی تاران دەکات لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا وەڵامی ئێران بۆ ئەمریکا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (ئەکسیۆس) و (رۆیتەرز)، پێشنیازەکەی ئەمریکا لێکتێگەیشتنێکی 14 خاڵییە کە لە لایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
گرنگترین خاڵەکانی پێشنیازەکە کە لە رێگەی پاکستانەوە دراوەتە ئێران:
1. کۆتاییهێنان بە جەنگ و قۆناخی گواستنەوە: راگەیاندنی کۆتاییهاتنی فەرمیی جەنگ لە ناوچەکە و دەستپێکردنی قۆناخێکی 30 رۆژەی دانوستاندنی چڕ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی هەمیشەیی.
2. کردنەوەی تەنگەی هورمز: لادانی سنووردارکردنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و لادانی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران.
3. پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم: ئێران بۆ ماوەیەک (کە لە نێوان 12 بۆ 15 ساڵ دایە) پیتاندنی یۆرانیۆم رادەگرێت. دوای ئەو ماوەیەش تەنیا بۆی هەیە تاوەکو ئاستی 3.67% پیتاندن بکات.
4. کۆگەی ئەتۆمی: ئێران پابەند دەبێت کە هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەچێت و هیچ بنکەیەکی ئەتۆمیی لەژێر زەویدا نەبێت.
5. پشکنینی نێودەوڵەتی: تاران بە پشکنین رازی دەبێت، لەوانەش پشکنینی کتوپڕ (Snap inspections) لە لایەن پشکنەرانی نێودەوڵەتییەوە.
6. دۆسیەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە: یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکان، گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێستای ئێرانە بۆ دەرەوەی وڵات (ئەگەری هەیە بۆ ئەمریکا بگوازرێتەوە).
7. هەڵگرتنی بلۆک لەسەر پارەکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی بلۆک لەسەر ملیاران دۆلاری سڕکراوی ئێران لە بانکەکانی جیهان و لادانی پلەبەندیی سزاکان.










