ئێرانجیهان

ئامانجی شاراوەی دیکەمان لە ئێران هەیە و ئەگەری زۆرە هێرشیان بکەینە سەر

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت: دەتوانین بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە دژی ئێران بجەنگینەوە و هەموو ئەو ئامانجانەی کە دیاریی کراون، لێیان بدەین. هاوکات ئاشکرای کرد، کە نەیگوتووە جەنگ کۆتایی هاتووە.

یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی: لە قۆناغێکدا، دەگەینە ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە ئێران بە قووڵی لەژێر پاشماوەکان و زەویدا شاردوویەتییەوە.”

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد: “ئێمە چاودێرییەکی وردی شوێنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران دەکەین کە لەژێر زەویدا شاردراوەتەوە، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەمان خۆی سەرپەرشتیی ئەم پرسە دەکات.”

جەختی لەوە کردەوە، “ئەگەر هەر کەسێک نزیک ببێتەوە لەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران کە لەژێر زەویدایە، ئێمە پێی دەزانین و دەستبەجێ هێرشی دەکەینە سەر.”

لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێرانەوە، ترەمپ ئاشکرای کرد: “من نەمگوتووە کە ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان دژی ئێران کۆتاییان هاتوون، بەڵکو گوتوومە کە ئەوان تووشی شکست بوون، ئێران لە رووی سەربازییەوە تێکشکاوە، رەنگە خۆیان هێشتا درکیان پێ نەکردبێت، بەڵام پێموایە خەریکە درکی پێ دەکەن.”

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە، کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، ئێستا ئێران نە هێزی دەریایی، نە ئاسمانی، نە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هەیە، سەرجەمیان لەنێو چوون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئەمجارەیان باسی لە سەرکردایەتیی ئێران کرد و گوتی: “ئێمە توانیمان سەرکردایەتیی ئێران لەنێو ببەین، بەڵام پێشموایە ئێستا ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانێکدا دەکەین کە جۆرێکی دیاریکراو لە هێزیان هەیە.”

ترەمپ قەبارەی ئەو وێرانکارییەی خستە روو کە بەر ژێرخانی سەربازیی ئێران کەوتووە و رایگەیاند: “تەنانەت ئەگەر ئێمە ئامانجەکانی دیکەی ماوە لە ئێران نەپێکین، ئەوا بۆ دووبارە بونیادنانەوەی خۆیان پێویستیان بە چەندین ساڵ دەبێت.”

سەبارەت بە رێژەی سەرکەوتنی هێرشەکان، ترەمپ ئاشکرای کرد: “ئێمە کۆمەڵێک ئامانجی دیاریکراومان هەبوو کە هەوڵمان دەدا لە ئێران بیانپێکین، پێموایە تا ئێستا توانیمانە نزیکەی 70%ـی ئەو ئامانجانە بە سەرکەوتوویی بپێکین و جێبەجێیان بکەین.”

هاوکات، هۆشداریی توندی بە تاران دا کە ئۆپەراسیۆنەکان کۆتاییان نەهاتوون و گوتی: “ئێمە کۆمەڵێک ئامانجی شاراوەی دیکەمان لە ناوخۆی ئێراندا هەیە، کە هێشتا ئەگەرێکی زۆر بەهێز هەیە هێرشیان بکەینەوە سەر و نەمگوتووە جەنگ کۆتایی هاتووە”.

جەختی لەوەش کردەوە، دەتوانین بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە دژی ئێران بجەنگینەوە و هەموو ئەو ئامانجانەی کە دیاریی کراون، لێیان بدەین.”

سەرچاوە

Related Posts