ئێرانجیهان

ناتانیاهۆ: جەنگی ئێران کۆتایی نەهاتووە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سەرەڕای ئاگربەست و سەرکەوتنەکان، جەنگ لەگەڵ تاران بەردەوامە و ئاشکرای کرد کە ئەوان پابەندن بە نەهێشتنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات بە هێزی سەربازی بێت.

یەکشەممە 10ی ئایاری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ بەرنامەی “60 خولەک” وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بە دۆخی ئێستای ململانێکان لەگەڵ ئێران.

لەبارەی کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران ناتانیاهۆ گوتی: “پێموایە دەستکەوتی گەورەمان هەبووە، بەڵام جەنگەکە کۆتایی نەهاتووە.” هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە هێشتا کەرەستەی ئەتۆمی و یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناو خاکی ئێراندان و پێویستە لەو وڵاتە دەربهێنرێن.

ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا ئامانجی هاوبەشیان هەیە بۆ بێبەشکردنی تاران لە چەکی ئەتۆمی. کاتێک رۆژنامەنووسەکە پرسیاری لێکرد کە ئایا یۆرانیۆمەکە چۆن لادەبرێت؟ ناتانیاهۆ ئاماژەی دا، “دەچینە ناوەوە و دەیهێنینە دەرەوە.”

سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمە بە هێزی سەربازیی تایبەت ئەنجام دەدرێت؟ ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە دا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێی گوتووە “دەمەوێت بچمە نێو دامەزراوە ئەتۆمییەکان”. ناتانیاهۆ گوتیشی: “ئەگەر رێککەوتن هەبێت و لەو رێگەیەوە یۆرانیۆمەکە ببەیتە دەرەوە، ئەوە باشترین رێگەیە.” بەڵام رەتی کردەوە باس لە وردەکاریی پلانە سەربازییەکان بکات ئەگەر تاران رازی نەبێت.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا، ئێران هێشتا خاوەنی مووشەکی بالیستییە و پشتگیری لە گرووپە بریکارەکانی دەکات، بۆیە ناکرێت چاو لە ئاست هەڕەشەکان دابخرێت؛ هەروەها لە بارەی کاتی پێکانی ئامانجەکانیان گوتی: “کاتێکی دیاریکراو دانانێم، بەڵام ئەمە ئەرکێکی یەکجار گرنگ و سەرەکیی ئێمەیە.”

هەروەها هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی: لە قۆناغێکدا، دەگەینە ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە ئێران بە قووڵی لەژێر پاشماوەکان و زەویدا شاردوویەتییەوە.”

سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند: دەتوانین بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە دژی ئێران بجەنگینەوە و هەموو ئەو ئامانجانەی کە دیاریی کراون، لێیان بدەین. هاوکات رەتی کردەوە کە جەنگی ئێران کۆتایی هاتبێت.

ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ نیشانەی ئەوەن کە سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ئیسرائیل هێشتا ئامادە نییە بە هیچ رێککەوتنێک رازی بێت کە تەواوی توانای ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران لەناو نەبات.

سەرچاوە

Related Posts